ڕاپەڕین وەرچەرخانێکی مێژوویی و خواست و پەیامی بەھێزی گەلی کوردستان بوو لە ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستی، کە لە ئەنجامی یەکگرتوویی و یەکڕیزی سەرجەم خەڵکی کوردستانیش بە گشت پێکھاتەکانییەوە، توانرا دەسکەوتی مەزن بە دەستبھێنرێت و گەلی کوردستان، ببێتە خاوەنی دامەزراوە دەستوورییەکانی و بۆ داھاتوویەکی باشتر ھەنگاو بنێت.

یەکێک لە پەیامە گرنگەکانی ڕاپەڕینی ١٩٩١ ئەوەبوو، کە ھەرگیز خەڵکی کوردستان، دەستبەرداری ماف و داخوازیی نەتەوەیی و ژیانێکی ئازادانە و شکۆمەندانە نابێت. لەم پێناوەشدا قوربانییەکی زۆری داوە.

ئەمڕۆش پێویستە ھێزو لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، بە ھەمان گوڕ و تینی کاتی ڕاپەڕین، بەرگری لە دەسکەوت و مافە ڕەواکانیان بکەن کە بە خوێنی ھەزاران شەھید بەدەست ھاتوون. 

ئێمە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، کە بە ھەموو شێوەیەک، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و کوردستان وەک نموونەیەکی گەشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی گشت پێکھاتەکان دەمێنێتەوە. 

شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١.

دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ڕاپەڕین و گشت شەھیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان