مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی ٣١ ساڵەی ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕاپەڕین بووە وەرچەرخانێکی سیاسیی لە کوردستان و عێراقیشدا، شانازی دەکەن بەوەی یەکێتیی و لایەنە سیاسییەکانی ئەوسای گۆڕەپانی خەبات و جەماوەری کوردستان، شەرەفی سەرقافڵەی ئەو خەباتەی پێسپێردرا.

ڕاشیگەیاندووە، بۆ ڕێبەرایەتییەکی نوێ بە گیانی یەکێتیانەوە، زەرورەتێکی گرنگە وەڵامی خواستەکانی ئەم سەردەمەی کۆمەڵانی خەڵک و چین و توێژەکان بدرێتەوە، ئەویش ڕاستکردنەوە و ھێنانەوە سەر ڕێگەی حوکمدارییەکی کارا و دابینکردنی ژیانێکی شایستەترە بۆ ھەمووان.

لە بەشێکی تری پەیامەکەدا ھاتووە، بۆ پاراستنی ڕێز و شکۆی ئەو گیانبازییانەی ڕاپەڕین، بۆ بە جوانی ھێشتنەوەی ئەو مێژوە پڕ لەتێکۆشانە، دەیانەوێت چیتر کۆسپ و تەگەرە و ئاستەنگەکانی بەردەم ژیانی خەڵک نەھێڵن، ئەوەش بسەلمێنین ڕاپەڕین بۆ باشترکردنی ژیان و ئاوەدانکردنەوە و پاراستنی خاکی نیشتمان بەرپاکرا، نەک وەک  ھەندێک حاڵەت و دیاردەی نەخوازراو کە مێژووەکە و ھەنگاوەکان ناشیرین بکات.

جەختیشکراوەتەوە، یەکێتی ھەوڵەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق زیاتر دەپارێزێت بە پشتبەستن بە بنەما دەستورییەکان، لەو پێناوەشدا جارێکی تر ھەموو ھێزە کوردستانی و دیموکراتخوازەکان لە کوردستان و عێراق بانگھێشت دەکات پێکەوە  ئیرادەی گەل بۆ ئەرکی داھاتوو ئامادە و پتەوتر بکەن.