د. ڕێواز فائق بۆ ساڵیادی راپەڕین پەیامێکی بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
٤ی ئازاری ٢٠٢٢
دەقی پەیامەکە...
بەبۆنەی (٣١) سی و یەکەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئازاری ١٩٩١، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم کوردستانییان لە ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێمی کوردستان دەکەین.
ھیواخوازین ئەم یادە مەزنە ببێتە مایەی یەکڕیزی و پتەوتربوونی نێوماڵی کورد، بە ئاراستەی یەکگوتاری و یەکخستنی ڕایەڵە نیشتمانییەکان، لە ھەمبەر تێکڕای پرسە نیشتمانییە چارەنووسسازەکاندا.
ئەم یادە پیرۆز و شکۆدارە، لە کاتێکدایە کە ھەموو جیھان لەبەردەم مەترسی و دەرئەنجامە ترسناکەکانی جەنگ و ململانێی نێوان زلھێزەکاندایە. لەسەر ئاستی ناوخۆ و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێڕاقی فیدڕاڵیشدا، کێشمەکێشی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێڕاق و ڕکابەریی نێوان ھێزە سەرەکییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێڕاق، لە دۆخێکی نەخوازراو و چەقبەستوودایە، بۆیە لەم دۆخە ھەستیارەدا، لە بژاردەی یەکڕیزی بترازێت ھیچ بژاردەیەکی دیکەمان لەبەردەستدا نییە بۆ ڕِووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاری و مەترسییانەی کە بوونەتە مایەی ھەڕەشە بۆ سەر قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان. ئەم قۆناغە ڕاگوزەرە و ھەستیارە بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە و لە ئەستۆی ھەموواندایە، تێپەڕاندنیشی وابەستەی زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی لۆژیکییانەیە. ھیواخوازین لە داھاتوودا ھەنگاوەکانی گفتوگۆی بنیادنەرانە بۆ سازان، لێکنزیکبوونەوە و زاڵبوونی دیدگای نیشتمانی بەسەر ھەموو ڕِوانگەکانی دیکەدا، دەربڕی خواست و ئاواتەکانی گەلی کوردستان بێت، کە ئەوێ ڕۆژێ لەپێناو بەدیھێنانی ئازادی و ئامانجە لەمێژینەکانی میللەتەکەماندا دەریایەک خوێنیان بەخشی بۆ ڕاماڵینی دیکتاتۆریەت و گەیشتن بە سەربەخۆیی.
ئومێدەوارین ئەم یادە مەزنە ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی گەشاوەتر بۆ بەدیھێنانی ئاشتی و ئازادی و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان.
جارێکی دیکە بەرز و پیرۆزبێت یادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی ئازاری ١٩٩١، پیرۆزبێت لە خەڵکی ئازا و تێکۆشەری دەڤەری پشدەر و بتوێن، لانکەی شۆڕش و بەرخودان.
نەمری بۆ ڕۆحی پاک و بەرزەفڕی شەھیدانی ڕێگەی ڕزگاری.
د. ڕێواز فائق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان



