مەسرور بارزانی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سیاسییە
کوردسات نیوز
٣ی ئازاری ٢٠٢٢
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، دادگای فیدراڵی بە پێی دەستور دروستنەکراوەو ھیچ دادگایەک شەرعیەتی ئەوەی نیە ماددە دەستورییەکان بگۆڕێت، راشیگەیاند، ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی داویەتی بەھیچ شێوەیەکی دەستوری نیە و بڕیارەکەی لەدژی یاسای نەوت و غازی ھەرێم، پێچەوانەی دەستورە کە ئەو مافەی بە خەڵکی ھەرێمی کوردستانداوە.
سەرۆکی حکومەت راشیگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەکاتێکی ھەستیاردا دراوە و لەوانەیە ھۆکاری سیاسی لە پشت بێت و بەھیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراق نیە.
وتیشی، داوایان لە حکومەتی عێراق کاتیان پێبدەن کاتان بدەن تاکو گفتوگۆ بکەن بەڵام کاتیان پێنەدراوەو بڕیاری تاکلایەنە دراوە.
جەختیشی کردەوە، دادگای فیدراڵی لە بڕیارەکەیدا پشتی بە یاسایەک بەستوە کە پێش رووخانی رژێمی بەعس ھەبووەو بۆ حکومەتێکی مەرکەزی نوسراوە و بە پشت بەستن بەدەستور ھەڵوێستیان وەرگرتووەو قبوڵیان نەکردووە.
مەسرور بارزانی رایگەیاند، پێویستە یاسای نەوت و غاز دەربچێت بۆ ئەوەی ھەموومان پابەندی بن.
ئاشکراشیکرد، لەمساڵدا حکومەتی عێراق ھیچ بڕە پارەیەکی بۆ ھەرێم نەناردووە.