بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، ئەو شۆفێرانەی کەموکورتی لە بزوێنەری سوارڕەوەکانیاندا ھەیە و ئەو کەموکورتییەش دەبێتە ھۆکاری دەرکردنی نائاسایی تا ١٠ی ئەم مانگە دوا مۆڵەتە بۆ چارەسەرکردنی کەمورکورتییەکانیان، دوای ئەو بەروارە بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆ ھەڵدەستێت بە لێپێچینەوەی یاسایی بەرامبەر ئەو شۆفێرانەی سەرپێچیکارن.

لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، ئەو دووکەڵەی لە ئەگزۆزی سوارڕەوەکانەوە دەردەچێت ھۆکارێکە بۆ پیسکردنی ژینگە و زیانێکی زۆر دەگەیەنێت بە تەندروستی ھاووڵاتییان، لە رووی یاسایی ھاتووچۆوە سەرپێچییە و بە پێی یاسای ھاتووچۆی ژمارە ٨٦ی ساڵی ٢٠٠٤ لەنێو مەرجەکانی توندوتۆڵی ئاماژەی پێدراوە.

ھاوکات داوا لە شۆفێران دەکات لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی و ژینگە، خۆیان بە دووربگرن لە لێپێچینەوەی یاسایی.