سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاندووە، قسەکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی وڵاتەكەی "خەیاڵپڵاو"ییە و دەشڵێت: توانا ئەتۆمییەکانمان لە مێشکی زاناکانماندایە نەک دامەزراوەکان.
مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاندووە، ئامادەن بۆ هەر جوڵەیەکی سەربازی ئیسرائیل و هێزەکانیان دەتوانن لە قوڵایی خاکی ئیسرائیل بدەن.
ئەوەشی خستووەتە روو، ئیسرائیل لە هەوڵيکانی بۆ کۆتاییهێنان بە رژێمی ئێران و ئاژاوەگێڕی شکستی هێنا، هەر ئەوەشی کە داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی کرد زۆر شتی ئاشکرا کرد.
روونیشیکردووەتەوە، هەر دانوستانێک لە داهاتوودا دەبێت لەسەر بنەمای سودی هەردوولا بێت و ئێران رازی نابێت بە هیچ مەرجێک کە تایبەت بێت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و تەنها لە یەکلایەنەوە بسەپێنرێت.
پزشكیان وتووشییەتی: گومانمان لە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.
وتەكانی پزیشكیان لە كاتێكدایە كە ئەیال زەمیر سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل لە نوێترین لێدوانیدا جەختی لەوە كردووەتەوە، هێرشەکانیان دژ بە ئێران دەست پێدەكەنەوە و لە غەززە و لوبنان و سوریاش هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت.