قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ وەفدێکی سەربازی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی جەنەراڵ کیس فیلیپس گەورە راوێژکاری سەربازی و پاشکۆی سەربازی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەعێراق کۆبووە و گفتوگۆیان لەبارەی لەمەترسییەکانی تێرۆر بۆسەر لەعێراق و سوریا کرد . 

ھەر لە  کۆبوونەوەکەدا باس لەمەترسییەکانی تێرۆر کرا لەعێراق و سوریا، لەم رووەوە پێویستی پێکەوەکارکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق وھێزەکانی ھاوپەیمانان دووپاتکرایەوە بۆ رووبەرووبونەوەی ھەر ھەڕەشەیەکی تێرۆریستان بەتایبەت لەناوچە جێ ناکۆکەکان، بۆ ئەو مەبەستەش ھەردوولا ھاوڕابون کە کار بکرێت بۆ نەھێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنیانەی کەتێرۆریستانی داعش ناوبەناو دزەی لێوەدەکەن.

سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراق و کاریگەرییەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێ لەسەر باری ئەمنی وڵات، ھەردوولا کۆک بوون کە لایەنە سیاسیەکان ھەرچی زووە کار بکەن بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی نوێی خزمەتگوزار، لەوبارەیەوە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە، پێویستە گفتوگۆکان بەئاڕاستەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتن بێت، داواشی کرد ھێزە سیاسیەکانی عێراق بیر لەگۆڕینی کلتوری فەرمانڕەوایی خۆسەپێن بکەنەوە و لەبری ئەوە کاربکەن بۆ ھێنانەکایەی کلتوری بەرێوەبردن و حوکمڕانی کردن و بیکەنە کۆڵەکەی سەرەکی کارکردنیان لەحکومەتی داھاتووی عێراقدا.

لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا و لەبارەی چاکسازییەکانی پێشمەرگەوە، وەفدی سەربازی ئەمریکا ستایشی ھەوڵەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیان کرد بۆ خێراتر بەرێوەچوونی ئەو چاکسازیانە لەوەزارەتی پێشمەرگە، لەمڕووەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، تەنیا بەدامەزراوەیی کردنی ھێزەکانی پێشمەرگە بەس نیە بۆ ئەوەی ھێزێکی نیشتمانی مەشقپێکراومان ھەبێت، بەڵکو دەبێ گیانی نیشتمانپەروەری لەنێویاندا پەرەی پێ بدرێت و نیشتمان و کوردستان لەسەروو ھەموو شتێکی ترەوە بێت.