کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە پێی بەدواداچوونەکانیان لە ئەمڕۆوە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی دووسایدکردنی ڕێگەی کەلار-سلێمانی، کارەکانی لە پڕۆژەکە ڕادەگرێت و ھەموو ئامێرەکانی دەکشێنێتەوە.

ڕاشیگەیاند، ھۆکاری ڕاگرتنی کارەکانی قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە بۆ تەرخاننەکردنی بودجەی پێویست لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دەگەڕێتەوە، کە نزیکەی نیوەی بودجەی پڕۆژەکەی تەرخانکردووە.

لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧وە، بەردی بناغەی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی دووسایدکردنی ڕێگەی کەلار-سلێمانی دەستپێکردووە و لە ئێستادا نزیکەی ٦٠٪ی کارەکانی تەواو بووە.