سەرکردایەتی کەرکوک- سەڵاحەدینی یەکێتیی راگەیەنراوێکی سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢
کەرکوک
سەرکردایەتی کەرکوک- سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەنراوێکی سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بڵاوکردەوەو رایگەیاند، ئەمرۆ کاندیدێکی پێکھاتەی عەرەب لە ئەنجومەنی نوێنەران سوێندی یاسایی خوارد لە بری پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک. ئەم پرۆسەیە لەلای یەکێتی روونە کە چۆن ئەم پیلانگێڕییە داڕێژراوە و بەرنامەی بۆ دانراوە مەبەست لێی مانەوەی راکان جبورییە وەک بەشێک لە برەودان بە سیاسەتی تەعریب لەکەرکوک ، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و خەڵکی کەرکوک ئەوەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەشێکە لەو ھاوپەیمانییەی کە پاڵپشت و بەرنامە داڕێژەری مانەوەی راکان جبورییە لە پۆستەکەیدا.
لەم سۆنگەیەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ھەموو لایەکی رادەگەیەنێت کە پۆستی پارێزگاری کەرکوک ئیستیحقاقی کوردە ، ھەروەھا لەگەڵ ھەموو ھێزە تێکۆشەرەکانی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ھەوڵ و کۆششەکانی بۆ دەستبەرکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک و بەھیچ شێوەیەک سازشی لەسەر ناکات .
راشیدەگەیەنێت،ھیچ لایەنێک مافی ئەوەی نیە بەم شێوەیە بچێتە ناو پیلانگێڕییەکان دژ بە کەرکوکییەکان و دانوستان بکات بۆ مانەوەی راکان جبوری لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک .