بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی ھەرێم لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵەی خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکانی ھەولێر و کۆمەڵێک لە خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکانی بەرھەمھێنانی ھێلکە و مریشک ، کۆبۆوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی ڕێگەگرتن لە ھەناردەکردنی بەرھەمی کێڵگە پەلەوەریەکانی ھەرێم، کە ماوەی چەند ڕۆژێکە لەلایەن چەند ھێزێکەوە لەکەرکوک ڕێگری دەکرێت کە بەرھەمەکانی ھەرێم بۆ ساغکردنەوەی بچێتە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق .

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دڵنیایکردنەوە ھەنگاوی جدیان ناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بە پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت ، بۆ ئەو مەبەستە نوسراوی رەسمی وەزارەت ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کراوە و جەختکراوەتەوە، بە کارکردنی ناوەرۆکی یاداشتی لێک تێگەیشتینی نێوان وەزارەتمان و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق .

راشگەیاند، ھەفتەی داھاتوو بۆ ھەمان مەبەست وەفدێکی وەزارەت سەردانی بەغداد دەکات ،بەمەبەستی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی خاوەن کێڵگە و پڕۆژەکان و بەردەوامی و ھەماھەنگییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوولا.