سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان : بریارەکەی دادگا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ھەموارکردنێکی نادەستووریی دەستوورە
کوردسات نیوز
٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢
سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان
چوارسەرۆکایەتییەکە راشیانگەیاندوە، بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی پێچەوانەی دەق و گیان و بنەما ڕاستەقینەکانی سیستەمی فیدرالییە و پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانە. ھەروەھا بریارەکەی دادگا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ھەموارکردنێکی نادەستووریی دەستوورە، چونکە بووەتە ھۆی لێسەندنەوەی دەسەڵاتێکی دەستووریی ھەرێمەکان و بەخشینی بە دەسەڵاتی فیدرالی کە ئەمەش ناتەبایە لەگەڵ دەسەڵاتی دادگای فیدرالی و پاشگەزبوونەوەیە لە سیستەمی فیدرالی.
راشیانگەیاندوە، دادگا لە بڕیارەکەیدا پشتی بە یاساکانی ساڵانی ١٩٧٦ و ١٩٨٥ی عیراق بەستووە کە یاسای ناوەندین و لەگەڵ بنەماکانی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراقی تازەدا ناکۆکە کە سیستمی حوکمی لە عیراق لە ناوەندییەوە بۆ سیستەمێکی فیدرالی گۆڕیوە و بە ڕوونی دەسەڵاتەکانی ھەرێم و پارێزگاکان و دەسەڵاتی فیدراڵی دابەش کردووە.
ھەروەھا ھەرێمی کوردستان پێی وایە ئەم بڕیارە جگە لەوەی بنکۆڵکردنی دەستوور و سیستمی فیدرالییە، لە ھەمان کاتدا پێشی وایە مەرامی تایبەتی لە پشتە و بێلایەن نییە .
دووپاتیشی دەکەنەوە گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان پاڵپشت بە یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان و دەقی ماددەی (١١٢)ی دەستووری عیراق ئەنجام دراون .
بە گرنگی دەزانن دادگای باڵای فیدرالی بە یاسایەکی نوێ و بەپێی حوکمەکانی ماددەی (٩٢)ی دەستوور پێک بێت و ئەرکەکانی بەپێی دەستوور جێبەجێ بکات.