"ئەمین بابەشێخ" وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی بە سەرکردایەتی سەرۆک مام جەلال و ھەڤاڵانی، خاوەنی فیکر و تێڕوانینێکی روون و رەوان بوو بۆ تەواوی قۆناغ و سەردەمەکانی ژیان و ھەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلی کوردستان بە سەرکردایەتی سەرۆک مام جەلال، پڕۆژەیەکی فیکری ھەمەلایەنە بوو بۆ داکۆکیکردن لە دۆزی رەوای گەلی کوردستان.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، راگەیاندنی پرەنسیپ و ئەدەبیاتی شۆڕشی نوێش لە بیروباوەڕە سیاسییە نیشتمانییەکانەوە سەرچاوەیان گرتبوو، ئەویش لەسەر بنچینەی رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و مافی ھاووڵاتیبوون بنیات نرابوو.

روونیشیکردەوە، ئەو تێڕوانینە سیاسییە نوێیەش بوو کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرەی کوردستانی بەرەو سەرخستنی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی گەلی کوردستانی برد و دواتریش بەھۆیەوە لە ساڵی ١٩٩٢دا یەکێتی سەرکردایەتی پرۆژەی دامەزراندنی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانی لەڕێی ھەڵبژاردنەوە کرد کە بە یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکان ھەژماردەکرێت، ھەروەک بیرۆکەی " سیستمی فیدراڵی"یش پرۆژەی سەرۆک مام جەلال و سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.

وتەبێژی یەکێتی جەختیشی کردەوە، یەکێتی ھەمیشە تێڕوانینێکی فیکری روون و ئاشکرای ھەبووە و پێشبینی وردی بۆ رووداو و پێشھاتەکانی ئایندە لە سەرجەم بوارە سیاسییەکاندا ھەبوو و بە چەشنێکی واقیعی و نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ دەکردن، چونکە سەرۆک مام جەلال و ھەڤاڵەکانی باوەڕیان بە دیموکراسی و ئازادی و پرسی رەوای گەلەکەیان ھەبوو و لەپێناویدا تێدەکۆشان.

راشیگەیاند، ئەمڕۆکەش دەبێت مێژوو و رابردووی پڕ لە قوربانیدان و دەستکەوتی خۆمان بپارێزین، ھەروەک پێویستە درێژە بە رێبازی سەرۆک مام جەلال و ھەڤاڵەکانی بدەین و لەپێناو ئازادی و دیموکراسی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی خەبات بکەین و " چاکسازی و گۆڕانکاریی" بکەینە بنەمای بیرکردنەوە و کاری رۆژانەمان لە تەواوی بوارەکانی حکومی و حزبیدا.

"ئەمین بابەشێخ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دامەزراندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دەستکەوتێکی گەورە و بڕیارێکی دروست بوو، بەڵام ئەم حکومەت و ئیدارەیەی ھەرێمەکەمان پێویستی بە چاکسازیی جددی ھەیە، بۆ ئەوەی لەیەک کاتدا خزمەت بەم قۆناغە و ھاووڵاتیانیش بکات، لەمڕۆشدا پێویستە بە رێگا و شێوازی زانستیانە و لۆژیکیانە و دیپلۆماسیانە بەرەنگاری ئاستەنگ و ئاڵینگارییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی و سەربازییەکان ببینەوە.

وتەبێژی یەکێتی دڵنیایش دەدەت کە پڕۆژەی دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە مەبەستی پتەوکردنی پرەنسیپی" بەردەوامیی ، نوێبوونەوە، بەھا نیشتمانییەکانمان و ئایندەمان" و وێناکردنی تێڕوانینێکی سیاسی و نیشتمانیی روون و رەوان بۆ ئایندە دەبێت.