بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتی بۆ ھەر پرسێک بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو گرتووە
کوردسات نیوز
٢٦ی شوباتی ٢٠٢٢
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەو کۆبوونەوەیەدا وێڕای ئەوەی رۆشنایی خستەسەر دواین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پێگەی یەکێتی لەو رووەوە خستەڕوو، رایگەیاند یەکێتی بۆ ھەر پرسێک بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو گرتووە و دەمانەوێت بە سیاسیەتێکی نیشتمانیی کوردستانیی لەبەرامبەر ناوەنددا بوەستینەوە و زۆر ھەوڵیشماندا یەکڕیزی بپارێزین بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکرا کە بۆ ئەوەش بێ ئومێد نەبووین.
لەبارەی ئەرکی رێکخراوەیی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرچاوڕوونیدایە ئامادەبووان و وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ ھەڤاڵانی یەکێتی کە دڵسۆزانە خزمەت دەکەن و لە ئەرکدان، بەرچاوڕوونیکردن لە سیاسەتی نوێی یەکێتی کە گەڕانەوەیە بۆ ستراتیژی سەرۆک مام جەلال، ئەرک و بەرپرسیارێتی و ھەڤاڵێتی لەم ھەلومەرجەدا دەستنیشانکرد و رایسپاردن کە کادران و ئەندامانی یەکێتی کە ھێزی لەبن نەھاتوون، وەک ھەمیشە خزمەتکاربن و بە گڕوتینێکی نوێوە خزمەت بکەن و دامەزراوەکانی یەکێتی بکەنە ماڵی راستەقینەی کۆمەڵانی خەڵک و پردی پەیوەندی بن بۆ گەیاندنی دەنگیان و خزمەتکردنیان، چونکە خزمەتکردن و بەدەنگەوەھاتنی خەڵک ئەرکە نەک منەت.
سەبارەت بە ئەرکی مەکتەبی رێکخستن، مەڵبەند و کۆمیتەکانیش بافڵ جەلال تاڵەبانی دووپاتیکردەوە لە گرنگی رۆڵیان لە ژیانی حزبیدا و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد رێکخستن بنچینە و پایەیەکی بەھێزی کاری رێکخراوەییە بۆیە پێویستە مەڵبەند و ئۆرگانەکانمان لە جاران زیاتر لە ئەرکدا بن و بە شێوازێکی سەردەمیانەتر درێژە بەکاروبارەکانیان بدەن و لە خزمەت خەڵکدا بن، ئەگەر لە چەند ساڵی رابردوو دابڕانێک ھەبووبێت لەنێوان مەڵبەند و کۆمیتە و ھاووڵاتیدا نابێت بمێنێت و ھەڤاڵی یەکێتی پێویستە لەناو چین و توێژەکان بن و بەشێک بن لە خەڵک، لەو رووەشەوە ھانیدان بۆ گۆڕانکاری و بەردەوامییان لە راپەڕاندنی ئەرکی راستەقینەی خۆیان کە خزمەتکردنی خەڵکە.
بۆ دیداری یەکێتی بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند یەکێتی یەکێتیی ھەموولایەکە، دەمانەوێت لە رێگای ئەم دیدارەوە خۆمان رێکبخەینەوە و ھەنگاوبنێین بەرەوپێشبردنی یەکێتییەکەی مام کە ئەمە بەرپرسیارێتی ھەموو یەکێتییەکانە پێکەوە، ئەم ئەرکە گرنگ و چارەنووسسازەش رادەپەڕێنین و رۆحی شەھیدانیش ئاسوودە دەکەین.
لە بەرامبەردا سەرکەوت زەکی، لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن راپۆرتێکی وردی لە بارەی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان لەم قۆناغەدا پێشکەشکرد و بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرچاوڕوونکرد لە ھەنگاوەکانی رێکخستنەوە و نوێکردنەوەی ئۆرگانەکان.