قوباد تاڵەبانی: ھەنگاوی باشمان لە پڕۆسەی چاکسازی جێبەجێکردووە
کوردسات نیوز
٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢
لە کۆبوونەوەکەدا، کە ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٤ی ٢ی ٢٠٢٢ لە ھەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ کلێمێنچ زێمتنەر کونسڵی گشتی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان، باسی پەیوەندییەکان و قۆناغەکانی چاکسازی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دواپێشھاتەکانی عێراق وجیھانیان کرد.
لەبەشێکی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ کونسڵی گشتی ئەڵمانیای روونکردەوە، ھەنگاوی باشیان جێبەجێ کردووە لە پرۆسەی گشتگیری چاکسازی لە سێکتەرە جیاجیاکان و تیشکی خستەسەر ئەوەی پرۆسەکە بەردەوامە و سورین لەسەر سەرپێخستنی. ھەر لەوبارەیەوە، ستایشی حکومەتی ئەڵمانیای کرد کە ھاوکاریان بووە بۆ جێبەجێ کردنی پلانەکانی چاکسازی و داوای کرد بەردەوام بن لەھاوکاریکردنی حکومەتی ھەرێم.
لەبەشێکی تردا، قوباد تاڵەبانی، باسی لە دواپێشھاتە سیاسییەکانی عێراق کرد و جەختی کردەوە؛ پێویستە ھەموو لایەنەکان ھەماھەنگی بکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی پاش ھەڵبژاردن بۆ ئەوەی بۆشایی درووست نەبێت و زیان بە بەرژەوەندییە گشتییەکان نەگەیەنێت.
لەکۆتاییدا بارودۆخی ھەنووکەیی نێودەوڵەتی تاوتوێکرا و مەترسییەکانیش خرانەروو.