بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە وەفدێکی ھێزەکانی ھاوپەیمانان
کوردسات نیوز
٢٢ی شوباتی ٢٠٢٢
بافڵ جەلال تاڵەبانی
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە وەفدێکی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە سەرپەرشتی کۆڵۆنێل" تۆد بورۆ" لە دیدارێکدا جەختکرایەوە لە بەردەوامی و پەرەپێدانی پەیوەندی و ھەماھەنگییەکانی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان لەپێناو بەرقەرارکردنی ئارامی، ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆڵی ھاوپەیمانانی لە جەنگی رووبەرووبوونەوەی داعش بەرز نرخاند روونیکردەوە مەترسیی تیرۆر کۆتایی نەھاتووە و لەھەموو کات زیاتر لەم کاتانەدا کە دۆخی سیاسی ناجێگیرە پێویستمان بە ھاریکاری و کاری ھاوبەش ھەیە لەنێوان ھێزی پێشمەرگە، ھێزە عێراقییەکان و ھاوپەیمانان تا بتوانرێت بە ستراتیژێکی نوێی سەربازی ھەڕەشەکان دووربخەینەوە و بۆشاییە ئەمنییەکان پڕبکەینەوە، چونکە ئەگەر ئەمە نەکرێت ئارامی و ئاسایشی خەڵک لە ھەندێک ناوچە دەکەونە مەترسییەوە.
سەبارەت بە رێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرچاو ڕوونیدایە وەفدی میوان و ئاشکرایکرد بەردەوامن لە سەرخستنی ئەم ھەنگاوە نیشتمانییە چونکە یەکێتی پەرۆشی بنیادنانی ھێزێکی کوردستانیی یەکگرتووی پڕچەک و راھێنراوە لەسەر بنەما و زانستی سەربازی سەردەم، پشتیوانی و ھاوکاری ھاوپەیمانانیش پاڵپشتییەکی باش دەبێت تا ئەم ئامانجە کە بەھایەکی باڵای ھەیە بەدیبێنین.