ئومێد بەرۆشکی ئازاد دەکرێت
کوردسات نیوز
٢١ی شوباتی ٢٠٢٢
بەشدار حەسەن ئەندامی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی گیراوانی بادینان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ئومێد بەرۆشکی رۆژنامەنووس لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٠ دەستگیرکرا و ئەمڕۆ ئازاد دەکرێت.
وتیشی، ئەو رۆژنامەنووسەی دەڤەری بادینان سێ سکاڵای لەسەر بوو، یەکەمیان بە تۆمەتی پیلانی نیشتیمانی ساڵێک و یەک مانگ لە ئاسایشی ھەولێر زیندانی کرا، دووەمیان بە تۆمەتی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و ناوزڕاندن بۆ ماوەی شەش مانگ لە چاکسازی گەورانی دھۆک زیندانی کرا، ئەمڕۆش ماوەی ھەردوو سزاکە تەواو دەبێت و ئازاد دەکرێت.
ئەو پارێزەرە ئاشکراشیکرد، سکاڵای سێیەم لەلایەن پەرلەمانتارێکی پارتییەوە لەسەری بوو، بەڵام پەرلەمانتارەکە دەستبەرداری سکاڵاکەی بوو، بۆیە ئەمڕۆ ئومێد بەرۆشکی ئازاد دەکرێت.