قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رۆژی جیھانی زمانی دایکدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئێمەی کورد، ھەتا زمانەکەمان پارێزراوتر بێت، ئەوا باشتر دەتوانین پارێزگاری لە شوناسی کوردبوونمان بکەین و دەشتوانین دەستکەوتی گەورەتر و شایستەتر بەدەست بھێنین".

دەقی پەیامەکە...
تەواوی شۆڕشەکانی نەتەوەکەمان، لەپێناوی ئەوەدا بوون کە بوونێکی سەربەخۆ و ئازادانەمان ھەبێت. ویستوومانە بە ناسنامە و تایبەتمەندیی خۆمانەوە بناسرێینەوە، نەک ھی نەتەوەیەکی تری سەردەست. لە دیارترینیشیان، زمانەکەمانە. 


‎ئێمە بەرگریمان لە زمانی کوردی کردووە و ئەویش بەرگریی لێ کردووین. چونکە ئەگەر ئەم زمانە نەبووایە، نەماندەتوانی بەردەوامی بە خەباتی نەتەوەییمان بدەین و ھەر ھەوڵێکیش بۆ پێشخستنی دۆزی نەتەوەییمان، بەبێ گرنگیدان بە زمانی کوردی، بێئەنجام دەبێت.


‎ئێمەی کورد، ھەتا زمانەکەمان پارێزراوتر بێت، ئەوا باشتر دەتوانین پارێزگاری لە شوناسی کوردبوونمان بکەین و دەشتوانین دەستکەوتی گەورەتر و شایستەتر بەدەست بھێنین. 


‎ئەرکی ھەموومانە، ھەم حکومەت و ھەم تاک بە تاکی ھاوڵاتییان، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ زمانی کوردیدا بکەین؛ ڕووبەرەکانی بەکارھێنانی فراوانتر بکەین و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەھێزتری بکەین.


‎با ھەموومان بە شانازییەوە بە زمانی شیرینی کوردی بڵێین: من کوردم و زمانی کوردی، زمانی دایکی منە. 

‎ ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک، لە ھەمووان پیرۆز بێت