سەرۆکی حکومەتی ھەرێم: وەک پێویست بایەخ بە زمانی کوردی نەدراوە
کوردسات نیوز
٢١ی شوباتی ٢٠٢٢
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
دەقی پەیامەکە...
بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک، پیرۆزباییەکی گەرم لە گشت کوردستانییان و ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی کوردستان دەکەم.
زمان، ناسنامە و پێناسەی ھەر مرۆڤ و نەتەوەیەکە و بەشێکی گرنگی کولتوور و کۆڵەگەیەکی بنەڕەتیی نیشتمانسازییە، بۆیە پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایک، ئەرکێکی گرنگ و لەپێشینەی خێزان و کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەتە.
ئەگەر بایەخدان بە زمانی دایک و ڕێزگرتن لەم ڕۆژە، جارێک بۆ گەلانی دیکەی جیھان گرنگ بێت، ئەوە بۆ ئێمەی کوردستانی، کە وێڕای شۆڕش و بەرگری و قوربانیدانە گەورەکانی گەلەکەمان، زمانەکەمان فاکتەرێکی گرنگی مانەوەمانە، پێویستە جێگەی بایەخی ھەرە لەپێشینەمان بێت.
ئەگەرچی بەپێی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، زمانی کوردی، زمانێکی فەرمیی ھەرێمی کوردستان و عێراقە، بەڵام جێی داخە تا ئێستا لەسەر ئاستی عێراق و تەنانەت ھەرێمی کوردستانیش، وەک پێویست بایەخ بە زمانی کوردی نەدراوە، چونکە چاومان لە پێشڤەچوونی زیاترە لەم بوارەدا.
لێرەدا داوا لە دەزگا رۆشنبیری و زانستی و ئەکادیمییە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەم، کە لەم ڕووەوە، باشتر ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن و ھەر کەموکوڕی و کەمتەرخەمییەک ھەبێت لە بواری زمانەوانی و گرنگیدان بە زمان، چارەسەری بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئامادەیە بۆ ھەر ھاوکاری و ھەماھەنگییەکی پێویست لەم بوارەدا. بێگومان لە پاڵ گرنگیدان بە زمانی کوردی، پێویستە بە شێوەیەکی شایستەش، بایەخ بە زمانی ئەو پێکھاتە نەتەوەییانەش بدرێت کە بەشێکن لە گەلی کوردستان.
لەم بۆنە گرنگەدا، بە پێویستی دەزانم بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی ئەو ڕۆشنبیر و مامۆستا بەڕێزانە و ھەموو ئەو خۆشەویستانە بکەینەوە، کە ڕۆڵێکی دیار و بایەخداریان لە پاراستن و فێرکردن و برەودان بە زمانی کوردیدا ھەبووە.
ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک لە ھەموان پیرۆز بێت...
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان