سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوای بە زیندوو ھێشتنەوەی زمانی کوردی دەکات
کوردسات نیوز
٢١ی شوباتی ٢٠٢٢
دەقی پەیامەکە....
بەبۆنەی ڕۆژی جیھانیی زمانی دایکەوە، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی ھەموو مرۆڤێکی کوردزمان دەکەین لە ھەر کوێیەکی دونیادا کە ھەن، زمان وەک دیارترین کەرەستەی ناسینەوە و فەرھەنگی ھەر گەلێک و شوناسی نەتەوەیی ھەر میللەتێک بەشداریی ھەرە سەرەکی دەکات لە نیشاندانی مێژوو و شارستانییەتی ڕەسەنی ئەو گەلە، لەسەر ئاستی جیھانیشدا گەلێک نەتەوەی زیندوو و بە ئاگای دونیا ھەن کە لە سەردەمی جیھانگیریدا بە دەست تێکەڵبوونی زمانەکانیان بە کلتوور و شارستانییەتی گەلانی دراوسێ دەناڵێنن، بۆیە لە ئەمڕۆدا زۆرێک لە گەلانی دونیا لە ھەوڵی ئەوەدان کە بەھۆی خۆسەپێنی و کاریگەرییەکانی تەکنەلۆژیا و ئامڕازە ھاوچەرخەکانی گەیاندنەوە زمانی دایکیان فەرامۆش نەکرێت، زمانە زیندووەکانی دونیا ھەمیشە لە ھەوڵی ئەوەدان کە زمان و زاراوەی خۆیان بخزێننە نێو زمانی تەکنەلۆژیا، بە ھەموو بوار و ژانرەکانییەوە، بۆیە لەم بۆنە جیھانییە پیرۆزەدا پەیامی خۆمان ئاڕاستەی ھەموو زمانزان و پسپۆڕان و ئەکادیمیستانی بواری زمانی شیرینی کوردی دەکەین، کەوا درێغی نەکەن لە بە زیندوو ھێشتنەوەی زمانی شیرینی کوردی، ھەر لێرەشەوە پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم ئەو گەل و نەتەوانە دەکەین کە لە کوردستان دەژین و خاوەنی زمان و فەرھەنگی تایبەت بە خۆیانن، ھیواخوازین ئەم تەبایی و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و تێکەڵییە فەرھەنگییەش ھەر لە بەرەو پێشەوەچووندا بێت، ھەمووان لەژێر یەک چەتری برایەتیدا پارێزگاری لە زمانی دایک و کلتووری نیشتمانیدا بکەین.
د. ڕێواز فائق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢١ی شوباتی ٢٠٢٢