بافڵ جەلال تاڵەبانی پشتیوانی بۆ خوێندکاران دووپاتدەکاتەوە
کوردسات نیوز
١٩ی شوباتی ٢٠٢٢
دەقی راگەیەندراوەکە...
دەربارەی پاڵپشتی دارایی بۆ خوێندکاران
وەک ھەموولایەک ئاگادارن لە سەرەتای دروستبوونی ناڕەزایەتییەکانی خوێندکارانەوە، بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی ھەر زوو ھات بەدەنگ داواکاری رەوای خوێندکاران و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشە و کەموکورتییەکانی بەشەناوخۆییەکان و زانکۆکانیدا، لە پێشوودا ئەو بەڵێنانە بوون بە کردار و ھەمووان بە چاوی خۆیان بێ جیاوازی کردارەکانیان بینی.
دەربارەی پاڵپشتی دارایی حکومەت بۆ خوێندکاران بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڵێنیدا لەڕێی تیمی یەکێتی لە حکومەت فشار دروست بکات تاوەکو خوێندکاران ئەو مافەی خۆیان وەربگرن و پاشان حکومەت بڕیاری پاڵپشتی دارایی خوێندکارانیدا.
بەڵام بەھۆی دواکەوتن و جێبەجێنەکردنی ئەم بڕیارە تا ئێستا، کە بۆتە ھۆی ناڕەزایی لەناو خوێندکاران، بافڵ جەلال تاڵەبانی لەسەر ئەم پرسە و دووبارە ناڕەزایی خوێندکاران، لە پەیوەندی بەردەوامدایە و ھەموو ھەوڵێکی خستۆتەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی و بەڵێن بە خوێندکارانی ئازیز دەدات کە لەماوەی سێ رۆژی داھاتوودا ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت و ئەبێت بەبێ ھیچ ئاستەنگێک پاڵپشتی خوێندکاران خەرجبکرێت لەپێناو وەرگرتنی مافی خوێندکاران و ڕانەگرتنی خوێندن لە زانکۆکاندا.
ئەگەر تاوەکو ئەم چەند رۆژە ئەم گرفتە چارەسەر نەکرا بافڵ جەلال تاڵەبانی خۆی پشتیوانی لە خوێندکاران دەکات بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان بە شێوەیەکی مەدەنی.
نووسینگەی ڕۆژنامەوانی بافڵ جەلال تاڵەبانی