بافڵ جەلال تاڵەبانی: ھەر رێکەوتنێک لەدەرەوەی بەرژەوەندی کوردستانی بە زیان دەشکێتەوە بۆ کورد
کوردسات نیوز
١٩ی شوباتی ٢٠٢٢
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە ماوریزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و میکێلێ کامیرۆتا، کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە ھەرێم.
لە دیدارێکدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئاسۆ مامەند، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون، بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا لەسەر پرسە سیاسی، ئابووری، ئەمنییەکان و ھەماھەنگی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی ئیتاڵیا جەختی لێکرایەوە.
لە دیدارەکەدا دووپات کرایەوە لە فراوانکردنی ھەماھەنگییەکان و ھاریکارییەکانی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە تایبەت لەگەڵ ھێزەکانی ئیتاڵیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و بەردەوامیدان بە راھێنان و مەشقپێکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە لە رێگای راوێژکارەکانیانەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسگوزاری حکومەت و گەلی ئیتاڵیای کرد کە ھاوکار و پشتیوانی ھەرێم بوون و رۆڵی گرنگیان بینیوە لە ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە و داواشیکرد لەو رووەوە بەردەوام بن.
ھەر لە دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە پێویستی یەکڕیزی کورد و یەکخستنی ھەوڵەکان کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێم و عێراق و روونیکردەوە یەکگوتاریمان و تەبایمان لە ھەرێم ھۆکار دەبێت بۆ پاراستنی مافە دەستووریی و یاساییەکانمان لە ناوەند، چونکە لێکترازانمان و ھەر دوورکەوتنەوەیەک دەبێتە ھۆی بێھێزی پێگە و قەوارەی ھەرێم بۆیە کات کوشتن و ھەر رێکەوتنێک لە دەرەوەی ئیرادە و بەرژەوەندی کوردستانی ویستی لایەنە سیاسییە کوردییەکان بە زیان دەشکێتەوە بۆ کورد و کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر رۆڵمان لەداھاتووی عێراق، بۆیە یەکێتی ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ یەکخستنەوەی ماڵی کورد و لەوڕوەشەوە بێھیوا نەبووین.
سەبارەت بە پێشخستنی کەرتی ئابووری ھەرێم و ھەماھەنگی فەرھەنگی نێوان ھەرێم و ئیتاڵیا بافڵ جەلال تاڵەبانی ھەموو کارئاسانی و ھاوکارییەکی دەربڕی بۆ رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ سەرمایەدارانی ئیتاڵی تا لە ھەرێم سەرمایەگوزاری بکەن و بوونی پرۆژەی ھاوبەشیش بۆ گەشەپێدانی لایەنی کەلتووری بەزەروور زانی و داوایکرد لە حکومەتی ئیتاڵیا لەو نێوەندەدا ھاوکاری ھەرێم بکەن و یارمەتیدەربن بۆ گەشەپێدانی لایەنەکانی فەرھەنگی لە ھەرێم و پاراستنی کەلتوور و رەسەنایەتی کە کۆڵەکەی مانەوە و پێشخستنی ھەرێمی کوردستانە.