عیماد ئەحمەد: ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق قۆناغێکی نوێی ھێناوەتە ئاراوە
کوردسات نیوز
١٩ی شوباتی ٢٠٢٢
"عیماد ئەحمەد" ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە وتارێکدا سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی عێراق لە دوای ھەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەکرێت وەکو سەرەتای قۆناغێکی نوێ سەیر بکرێت، بە تایبەت لە کوردستان ڕووداو و پێشھاتی نوێی بەدوای خۆیدا ھێنا کە مایەی لەسەر وەستانن.
ڕاشیگەیاندووە، پێویستە ھێزەسەرەکییەکان بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ ڕەوشی نوێدا بکەن و گۆڕانکاری و چاکسازی دەستبەجێ لە ئاستی ناوخۆیان و ئینجا لە ھەرێم دەستپێبکەن و سیستەمی حوکمرانی بگۆڕن و خۆیان ئامادە بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قۆناغە ھەستیارە، بە تایبەت بە ئاڕاستەی ئاشتکردنەوەی خەڵک و جەماوەر، چونکە کەمی بەشداری ھاووڵاتیان لە ھەڵبژاردنی پێش وەختی پەرلەمان نیشانەی نیگەرانی و دوودڵی و نەمانی متمانەی خەڵکە بە سیستمی حوکمڕانی.
سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیش عیماد ئەحمەد ڕایگەیاندووە، یاساکەی ھەرێم گونجاو نییە لەگەڵ دەستووری عێراق، گۆمەکەی بە پێچەوانەی ویستی ھەرێم شڵەقاند، بەڵام پێویستە دەسەڵاتی ھەرێم بە وریایەکی زۆرەوە مامەڵەی لە گەڵدا بکات، نەک کاردانەوەی سەرپێی بنوێنێت، ھەروەھا پێویستە ھەوڵی جدی و فراوان بدرێت بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز لە عێراق بە پێی دەستوور بە شێوەیەک کە ماف و ئەرکی ھەرێم بە ڕوونی دیاری بکات.