بافڵ جەلال تاڵەبانی: ھەر ھەوڵێک بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی ڕەتدەکەینەوە
کوردسات نیوز
٤ی شوباتی ٢٠٢٢
وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەغداد لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح کۆبووەوە و بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیکردەوە لە سوربوونی یەکێتی لەسەر بەھێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەموو ھاوبەشە سیاسییەکان، بە تایبەت لەگەڵ ھێزەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی.
ڕوونیشیکردەوە کاتێک باس لە سازان و تەوافق دەکەین بۆ قۆناغی ئەمڕۆ دەیانەوێت گیانی پێکەوەژیان و ئارامی سیاسی بپارێزن و پێکەوە ھەمووان حکومەتێکی خزمەتگوزار پێکبھێنین کە لە ئاست خواستی ھەموولایەک بێت، بۆیە ھەر ھەوڵ و نیەتێک کە ببێتە ھۆی تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ماڵوێرانی زیاتر بۆ عێراقییەکان ڕەتیدەکەنەوە، بۆیە ئێستا ڕوویان لە دڵسۆزانە تاوەکو پێکەوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش و دەستوور کار بۆ بنیادنانەوەی عێراق و ھەرێم بکەن و دەرفەتیشیان ماوە تا ئەو خەمە نیشتمانییە زاڵبکەن بەسەر بەرژەوەندی حزبی و تاکەکەسی.
لە بەرامبەردا نوری مالیکی، جەختیکردەوە، چوارچێوەی ھەماھەنگی سورە لەسەر دروستکردنی تەوافوق لەگەڵ ھێزە نیشتمانییەکانی تر، لەپێناو پەلەکردن لە پێکھێنانی حکومەت، بە گوێرەی بنەما یاسایی و دەستوورییەکان.
ھەروەھا ھادی عامری، ھەڵوێستی چوارچێوەی ھەماھەنگی دووپاتکردەوە، لە کرانەوە بەسەر ھێزە سیاسییەکان و بەھێزکردنی زمانی گفتوگۆ، لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ کۆتاییھێنان بەو قەیرانەی ئێستا.