دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی لە کۆبوونەوە
٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
دەقی ڕاگەیەنراوەکە :
ڕاگەیەندراوی ھاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پرسی ھەڵبژاردن و دەستور و کۆمسیۆن
لە چوارچێوەی ھەماھەنگی و کاری پێکەوەیی ( ی.ن.ک) و ( پ.د.ک) ،ئەمڕۆ ٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ شاندێکی تایبەتی یەکێتیی و پارتی لەسەر پرسی دەستور و ھەڵبژاردن و کۆمسیۆن ، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی ( ی.ن.ک) لەشاری سلێمانی کۆبونەوە و ھەردولا ھاوڕابوون کە پێویستە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت و ئامادەسازیی نیشتمانیی پێویست بکرێت و تێگەیشتنی ھاوبەش لەسەر میکانیزمە یاسایی و سیاسیەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن ھەبێت .
ھەردولا کۆکبون پێکەوە کار بۆ بەھێز کردنی متمانەی ھاوڵاتیان بە پرۆسەی ھەڵبژاردن تۆکمەتر بکرێتەوە و پرۆسەیەکی شەفاف و سەرکەوتوبێت . ھەردولا جەختیان لەوە کردەوە بە پێی ڕێککەوتنی سیاسی ٥ی ٣ی ٢٠١٩ ی نێوان ھەردولا و کۆبونەوەکانی ئەم دواییانەی ھەردوو حیزب بە گیانی برایەتی و تەبایی ھەنگاوە پێویستیە کرداری و یاساییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای ھەرێمی کوردستان بھاوێَژرێن ، بڕیادرا لە ھەفتەی داھاتوەوە کۆبونەوەکان بەردەوام بێت .
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان
٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢