ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا، بۆجێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان کۆبۆوە و گەیشتە ئەم بڕیارانەی خوارەوە:- 

یەکەم/ ماوەی پێدانی ڤاکسین تاوەکو ٢٠٢٢.١.٢٠ درێژکرایەوە و پێویستە ھەموو فەرمانبەرانی فەرمانگە و دام و دەزگاکانی حکومی لەسنووری پارێزگای ھەولێر بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە، تاوەکو ئەم ڕێککەوتە ڤاکسین وەربگرن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

دووەم/ ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا بۆ ھاوڵاتیان و گەشتیاران، ئەوانەی لە دەرەوەی کوردستان دەگەڕێنەوە، پشکنینی خێرای کۆرۆنا لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و مەرزی حاجی ئۆمەران بۆیان ئەنجامدەدرێت.

سێیەم/ بەستنی (ماسک) بۆ ھەموو ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئەوانەشی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە لە شوێنە داخراوەکان دەبێتە ئیلزامی و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان چاودێری دەکەن.

چوارەم/  دەبێت ھەموو ئەو گەشتیارانەی لەشارەکانی تری خوار و ناوەڕاستی عێراقەوە سەردانی ھەولێر پایتەخت دەکەن پشکنینی کۆرۆنایان پێبێت کە ماوەکەی ٧٢ کاتژمێری تێپەڕنەکردبێت، بەپێچەوانەوە کۆمپانیاکانی گەشتیاری بەرپرسیارن و دەخرێنە لیستی ڕەشەوە. 

پێنجەم/ سەرجەم کارمەندانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر، کارمەندانی کەرتی تایبەت (بازرگانی، ڕیستۆرانت، مارکێت، مۆڵ، چێشتخانە، یانەی شەوانە، ھۆڵ) دەبێت ڤاکسین وەرگرن و ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن بەتایبەتی بەستنی (ماسک)، بەپێچەوانەوە دووچاری ڕێکاری یاسایی دەبنەوە و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە چادودێری دەکرێن. 

شەشەم/ بۆ بابەتی پرسەدانان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەوقافی ھەولێر ڕاسپێردرا ڕا و سەرنج و پیشنیارەکانیان پێشکەش بە وەزراەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بکەن تاوەکو بڕیار و ڕێنامایی نوێی لەبارەوە دەربچێت. 

حەوتەم/  ئەگەرچی لە ئێستادا خۆشبەختانە ئامارەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لەھەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا مەترسییەکان ھەرماوە و جدین، بەتایبەتی  مەترسییەکانی ھاتنی (ئۆمی کۆرۆن) کەخێرا بڵاودەبێتەوە، بۆیە لە پێناو سەلامەتی گشتیی و پاراستنی خۆتان و ئازیزانتان پابەندنی تەواوی ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستییەکان بن بەتایبەتی بەستنی (ماسک). 

ھەشتەم/  سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر، دەبێت تەواوی ئەو رێکارانەی ژووری ئۆپەراسیۆن وەکو خۆی جێبەجێ بکەن، دەسەڵاتی تەواویشیان پێدەدرێت لە ھەر شوێنێک پێویستی کرد رێکارەکان توندتربکەن. 

نۆیەم/ ئەم رێکارانە لەکاتژمێر ١٢ی ئەمشەو ٤ لەسەر ٥ی ١ی ٢٠٢٢ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.