بڕیاری قەدەغەی میدیاکان بۆ ناو بەرەکانی جەنگ دووپاتکرایەوە
کوردسات نیوز
٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، پێشوازی کرد لە د. جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیاو زانیاری و وتەبێژی فەرمی حکومەت.
لەکۆبوونەوەیەکدا، جەختکرایەوە لەسەر هەماهەنگی و کاری هاوبەشی میدیایی، بۆ رێکخستنەوەی راگەیاندنی سەربازی بەگشتی و میدیای فەرمی وەزارتی پێشمەرگە، هاوکات بڕیاری قەدەغەکردنی میدیاکان بۆ ناو بەرەکانی جەنگ و میحوەرەکانی پێشمەرگە بەهەنگاوێکی گرنگ لەقەڵەم درا.
لەمبارەیەوە، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: بڕیاری قەدەغەکردنی میدیا بۆ ناو بەرەکانی جەنگ و لێدوانی فەرماندە و بەرپرسانی سەربازی چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەر فەرماندەو یەکەیەک سەرپێچی بکات رووبەڕووی سزای سەربازی دەکەینەوە، هاوکات بۆ ئەو میدیایانەی پابەندی بڕیاری وەزارەتمان نابن، نوسراوی فەرمیمان ناردووە بۆ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بۆ ئیجرائاتی یاسایی و ئیداری لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندن لەوبارەیەوە.
وەزیری پێشمەرگە وتیشی: قەدەغەی میدیاکان بۆ ناو سەنگەرەکانی پێشمەرگه، بەرتەسک کردنەوەی ئازادی رۆژنامەوانی نیە، بەڵکو رێکخستنەوەیەتی و لە قازانجی پێشمەرگه و ئاسایشی نەتەوەکەمان دایە.
سەرۆکی فەرمانگەی میدیاو زانیاری جەختیکردەوە، لەسەر هاوکاری وهەماهەنگی حکومەت بۆ سەرخستنی ئەوبڕیار و راسپاردانەی کە دەرکراون لەمەڕ کاری هاوبەش.
وتیشی: وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانجمانە رێگە لەو پەرتەوازییەی میدیا بەشێوەیەکی گشتی بگرین و هەمووان بەیەکەوە بەرەو رێگا راستەکەی میدیا بە دیاریکراوی لەبواری سەربازی و ئاسایش و ئەمنیدا بڕۆین.
لەکۆتاییدا، لەلایەن سەرۆکی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێم دەستخۆشی لە وەزارەتی پێشسمەرگە کرا کە پڕۆژەی ستراتیژی میدیاو بۆشیادییان تەواو کردووەو لە ئێستاشدا وەک هەنگاوی یەکەم شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە لە قۆناغی تەواوبوون دایە، هەروەها بۆ دروست کردنی شنەی راگەیاندنی ئەمنی هەرێمی کوردستان بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا، هەردوولا کۆک بوون لەسەر پێویستی چالاک کردنی ئەو شانەیە.
لەمبارەیەوە، بەڕێوبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: دوای رەزامەندی وەزیری پێشمەرگە و دەرکردنی فەرمانی جێبەجێکردنی، پڕۆژەی ستراتیژی راگەیاندن و هۆشیاری لە ئێستادا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە قۆناغی کۆتایی چالاک کردنی شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگەیە، جیا لەوە پڕۆژەو کارنامەی هەردووک بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و هۆشیاری تەواوکراوەو لەساڵی نوێدا، میکانیزمەکانی کرکردن و ئەرکەکان بەپێی پلانی بەرنامە بۆ داڕێژراو جێبەجێ دەکرێت.