بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە ، تەوەرەی سەرەکی باسەکان رەوشی سیاسیی کوردستان و عێراق بوون لە دەروازەی ساڵی نوێ و ھەڵوێستی یەکێتی دەربارەی مافەکانی کورد لە بەغداد و پێکھاتنی حکومەتێکی نوێ، لەبەر رۆشنایی دەرەنجامی دوا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران .
لەو بارەیەوە مەکتەبی سیاسی، جەختیکردەوە لە سیاسەتی نەگۆڕی یەکێتی، کە پێویستە حکومەتی داھاتوو لەسەر بنەمای دەستوور و تەوافوق و شەراکەتی راستەقینە نوێنەرایەتی ھەموو پێکھاتەکان بکات و پێشینەی حکومەتێکی خزمەتگوزار و دەربەست لە ئاست داخوازییەکانی گەلی عێراق، بکاتە کارنامەی بەپەلەی خۆی، راشیگەیاند، تەنھا بە حکومەتێکی لەو شێوەیە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەپەرژێتە سەر ئەرکە نیشتمانییەکانی بەرەنگاری تیرۆر و تایفەگەری و راستکردنەوەی باری ئەمنی و سیاسی بە تایبەتی بۆشایی ئەمنی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی، کە پێویستی بە ھەماھەنگی کارا ھەیە لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
بۆ ئەو مەبەستە مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەکەی لە کەرکوک، بە ئاماژە و پەیامێکی کوردستانی و عێراقی لە قەڵەمدا، کە مەبەست لێی بایەخدانە بە ژیان و ئارامی خەڵکی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە، و پێویستە بە نەخشەڕێی سیاسی و دەستووری کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.
ھەروەھا مەکتەبی سیاسی، پێداگری کرد لەسەر پێویستی یەکخستنی بە کردەوە و کارای ھەڵوێستی کوردستانی لە بەرامبەر پێشھاتەکانی عێراق، بۆ ئەوەی پڕۆژەی کوردستانی، ئەرکەکانی لە خزمەتی پڕۆسەی سیاسی و ئیستحقاقەکانی حکومەتی تازە جێبەجێبکات، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنە ھاوبەشەکانی یەکێتی و پارتی گەڵاڵەی بەرنامەی پێکەوەیی لە بەغداد یەکلایی بکەنەوە.
بەشێکی تری کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ کاروباری ناوخۆی یەکێتی و چاکسازی و گەشەپێدان و ھەڵوێستی حزبی و جەخت کرایەوە کە پڕۆسەی رێکخستنەوەی پەیکەری یەکێتی لە مەکتەب و ئۆرگانەکان بەردەوامە و ھەنگاو بە ھەنگاو بەرەو پێشەوە دەڕوات بۆ پتەوکردن و پوختەکردنی ریزەکانی یەکێتییەکەی سەرۆک مام جەلال و کۆششکردن بۆ گەنجکردنەوەی حزب لە رێی نوێکردنەوەی بەشداری چۆنایەتی ژنان و لاوان لە ئۆرگان و رێکخراوەکانی یەکێتیدا.