جەبار یاوەر لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا دەنگۆیەک رەتدەکاتەوە
کوردسات نیوز
٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
نوسینگەی ڕۆژنامەوانی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە روونکردنەوەیەکدا لێدوانی بێ بنەمای چەند سەرچاوەیەکی نادروستی ڕۆژنامەوانی رەتدەکاتەوە کە بە ناوی فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوکراوەتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، فەریق جەبار یاوەر لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسێکی نێودەوڵەتیدا لەبارەی لایەنی نێگەتیڤی کشانەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا و مەترسیەکانی ڕایدەگەیەنێت لەو باوەڕەدا نین کە دەرئەنجامی نەرێنی نالەبار ڕووبدات، چونکە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و عێراق تەنھا ھێزە شەرکەرەکان دەکشێنەوە کە خۆی لە خۆیدا بۆ ماوەیەکی زۆرە ھێزە شەرکەرەکانی ئەمەریکا ژمارەیەکی کەمیان لە ناو خاکی عێراقدا ماون کە بەشداریان لە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش لە مەیدانی جەنگدا سنوردار بووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھێزەکانی ئەمەریکا وەکو ئەرکی ڕاوێژکاری و پاڵپشتی لە عێراق دەمێننەوە کە ئەوە لەم کاتەدا زۆر بەھادارتر و پر ئەنجام تر دەبێت و یارمەتی و پاڵپشتی تەواوی ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی ئەو ھێزانە.