گۆران دەستەیەکی کاتی بۆ بزووتنەوەکە ھەڵدەبژێرێت
کوردسات نیوز
٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
ژووری حکومەتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، لە دوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دەرکەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەکان قسە و باسێکی زۆر لەسەر ھۆکار و ئەنجامەکان کرا و لەو چوار چێوەیەدا مەبەست و بێ مەبەست ڕووی قسە و ڕەخنەکان لە سەرکردایەتی بزوتنەوەکە و تیمەکانی حکومەت کرا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، چەندین ھۆکاری بابەتی و خودی لە پشت ئەو ئەنجامە خراپەوە بوون و ھەر زوو ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە دەستیان لە کارکێشایەوە، ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لە ھەوڵی ھەڵبژاردنی دەستەیەکی کاتیدایە بۆ سەرکردایەتی کردنی بزوتنەوەکە. جەختیش لەوە دەکەنەوە تا ئەو کاتەی بزوتنەوەی گۆڕان دەگاتە دوا بڕیاری سیاسی بۆ مانەوە لە حکومەتدا یان کشانەوە، تیمەکەیان لە حکومەتدا نوێنەرایەتی گۆڕان دەکەن و ئەرکی رەسمی بەڕێوەدەبەن، ھەر کاتێکیش بڕیاری کشانەوە لە حکومەت درا ئەوا تیمەکانیان پێوەی پابەند دەبن.