لە ئاھەنگەکانی شەوی سەری ساڵ چەند حاڵەتێک لە سلێمانی و ھەولێر ڕوویانداوە
١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
"سامان لەتیف" لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لە ئاھەنگەکانی شەوی سەری ساڵ لە سلێمانی ٢٧ حاڵەتی کتوپڕ و ٦ حاڵەتی ڕووداوی ھاتووچۆ ڕوویانداوە، لەگەڵ ٣ حاڵەتی برینداربوون بە چەقۆ و ٣ حاڵەتی کەوتن و ٤ حاڵەتی بەربوونەوە ھەبووە، ٢٢ حاڵەتی جیاجیاش بەھۆی تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەکان ڕوویانداوە، حاڵەتێکی ئاگرکەوتنەوەش لە کارگەیەکی دارتاشی بەھۆی شۆرتی کارەباوە ڕوویداوە و ھیچ زیانی گیانی نەبووە.
بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی ھەولێریش ڕایگەیاند، لە ئاھەنگەکانی سەری ساڵ ٣ ڕووداوی ھاتووچۆ تۆمارکراون و بە ھۆیانەوە ٥ کەس برینداربوون و زیانی مادیش بە ٦ ئۆتۆمبێل گەیشتووە.