جولیا کلۆکنەر سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ رایگەیاند، سەرەڕای رەخنە و نیگەرانییەکانی لەسەر پلاتفۆڕمی تیک تۆک، بەڵام بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی زانیاری بۆ بەشێکی فراوانی دانیشتووان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەگمەنە گەنجانی ئەمڕۆ خاوەنی رۆژنامەی کاغەزیی بن و ئەگەر لێیان بپرسیت زانیارییەکانیان لە کوێوە وەردەگرن، وەڵامەکە دەبێتە: تیک تۆک".
بەپێی ئاماری فەرمانگەی پاراستنی زانیارییەکانی ئەڵمانیا، تیک تۆک مانگانە لەلایەن نزیکەی 21 ملیۆن کەسەوە بەکاردەهێنرێت، لەکاتێکدا ژمارەی بەکارهێنەری لە جیهاندا 1 ملیار و 500 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.
هاوکات پارتی راستڕەوی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا، یەکەم پارتی ئەڵمانی بوو کە تیک تۆکی بەکارهێناوە، لە کاتێکدا حکومەتی ئەڵمانیاش ئەو پلاتفۆرمە بەکاردەهێنێت بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵک.
تیک تۆک لەلایەن کۆمپانیای زەبەلاحی چینی "ByteDance" بەڕێوەدەبرێت، گرنگی بە بڵاوکردنەوەی کورتە ڤیدیۆکان دەدات کە زۆرینەیان لەبابەتی کات بەسەربردنن، بەڵام ناوەڕۆکی زانیاریشیان تێدایە، ئەمەش لەکاتێکدایە هۆشدارییەکان لەبارەی مەترسییە ئەمنییەکان و نیگەرانییەکانی پاراستنی زانیارییەکان خراونەتەڕوو.