بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەزگای میدیایی کوردسات لە ئاست ڕووداو و پێشھاتەکاندا بووە
کوردسات نیوز
١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێکدا بۆ یادی ٢٢ ساڵەی دامەزراندنی دەزگای میدیایی کوردسات ڕایگەیاندووە، دەزگای میدیایی کوردسات دامەزراوەیەکی سەنگین کە ھەمیشە پابەند بە بنەماکانی پیشەیی کاری ڕاگەیاندن و پەیامی میدیایی خۆی ئاڕاستە کردووە و لە چوارچێوەیەکی بەرپرسیاردا لە ئاست ڕووداو و پێشھاتەکاندا بووە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەمڕۆ کە پێدەنێتە ساڵێکی نوێی تەمەنی، وێڕای پیرۆزبایی گەرممان لە سەرپەرشتیار و ڕۆژنامەنووسان و کارمەندانی دەزگای میدیایی کوردسات، ھیوادارم کاروانەکەتان بەردەوام بێت و وەک ھەمیشە لە خزمەت گەیاندنی ڕاستی ڕووداوەکانی کوردستان بن و لە پاڵ گەیاندنی ڕوانینە جیاجیاکان ببنە سەکۆی بە یەک گەیشتنی خەڵک و حکومەت، ئەرکی خۆتان وەک دەسەڵاتی چوارەم بە جێبگەیەنن و چاودێری راستەقینە بن لە پێناو کوردستانێکی ئاوەدانتر.