بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکانی سنووری (سلێمانی، ھەڵەبجە، کەرکوک، خانەقین، کۆیە، ھەڵەبجەی تازە، پێنجوێن، کەلار، ڕانیە، تەقتەق، قەڵادزێ، دوکان، چوارتا، دەربەندیخان، کفری، چەمچەماڵ و سەیدسادق) بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان لەگەڵ لیژنەکانی مەکتەبی ئیدارە و دارایی گشتی یەکێتی کۆبووەوە، بە مەبەستی بەدواداچوون و تاوتوێکردنی ھەنگاوەکانی نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندکاران.

لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای ئەوەی لەنزیکەوە گوێبیستی سەرجەم لیژنەکان بوو لەبارەی چۆنێتی کارکردنیان و دابینکردنی پێداویستییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، ھانیدان لیژنەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کارەکان تەواو بکەن و تەواوی کەموکوڕییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان پڕبکەنەوە.

لای خۆیانەوە لیژنەکان دڵنیاییاندا لە جێبەجێکردنی پێداویستییەکان و پڕکردنەوەی ئەو کەموکوڕییانەی لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا ھەبووە، جەختیشیانکردەوە جگە لە پێداویستی و داواکردنی خوێندکاران، بەشێکی کارەکانی لیژنەکان داوای خوێندکاران نەبووە و ئەو کەموکوورتییانە بووە کە لیژنەکانی مەکتەبی ئیداری و دارایی ھەستی پێکردووە و جێبەجێی کردوون.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی روونیکردەوە، دابینکردنی پێداویستی و نۆژەنکردنەوەی بەشەناوخۆییەکان و جێبەجێکردنی داواکانی خوێندکاران لەلایەن یەکێتییەوە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییەوە بووە، تا ئەو بودجە و بڕە پارەیەی دیاریکراوە وەک پاڵپشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و چارەسەری گرفتی بەشە ناوخۆییەکان لەم سنوورانە بە تەنھا تەرخانبکرێت بۆ بڕینەوەی دەرماڵەی خوێندکاران، لەژێر ھەر ناوێکدا بێت پێویستە بدرێت بە خوێندکاران بەبێ جیاوازی کە مافێکی رەوای ئەوانە.