لە ماوەی ١١ مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە ٤ ملیۆن گەشتیار ھاتونەتە ھەرێمی کوردستان
کوردسات نیوز
٣٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
"ئەمەل جەلال"سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تا دوو ھەفتە بەر لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١، رێژەی ھاتنی گەشتیار بۆ ھەرێمی کوردستان گەیشتۆتە ٤ ملیۆن و ٩٣ ھەزار گەشتیار، بەبۆنەی جەژنەکانی سەری ساڵەوە کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لە ھۆتێل و ریستۆرانتەکان بەرێوەدەچێت، چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار گەشتیاری تر سەردانی ھەرێم بکەن.
وتیشی، زۆرترین رێژەی سەردانی گەشتیار بۆ پارێزگای سلێمانی و ھەولێر بووە، دواتر پارێزگای دھۆک و ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای ھەڵەبجە بووە.
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانیش بۆ سەری ساڵ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، تیمەکانی دەستەی گەشتوگوزار بەدواداچون دەکەن و چاودێری رەوشی گەشتیار و کەرتەکانی گەشتیاری دەکەن بۆ ئەوەی ھیچ جۆرە پێشێلکارییەک روونەدات، ھاوکات دەبێت چالاکییەکان و ئاھەنگەکانی کەرتی تایبەت لە ئاستی پێویستدابێت و بەپێی خواست و داوکاری گەشتیاران بێت.