لێکۆڵینەوەیەک ئاشکرایدەکات، بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لە گۆڕینی رەوتی شەڕەکە.
کۆمپانیای ئەنسرۆپیک راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد بەگشتیی و 'کڵاود' بەتایبەتی دەردەخات.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لەلایەکەوە ئێران لە بەئامانجگرتنی بەشێک لە پێگە و کەشتییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، ژیریی دەستکردی کۆمپانیای 'کڵاود'ـی وەک سەرچاوەیەک بۆ دروستکردنی رێبەری دەستنیشانکردنی ئامانجەکان و پێگەی کەشتییەکان و کۆکردنەوەی زانیاریی لەبارەی شێوە و جۆری فڕۆکەکان، بەکارهێناوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، حوسییەکانی یەمەنیش لە دروستکردنی مۆدێلی پێشکەوتووی موشەک و درۆن، پشتیان بە بەکارهێنانی ئەم مۆدێلە لە ژیریی دەستکرد بەستووە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و دیاریکردن و کردنە ئامانجی ئامانجەکانیان.
هاوکاتی ئەمانە، روسیاش مۆدێلێکی نوێی درۆنی دروستکردووە و لە بەرانبەر ئۆکراین بەکاریدەهێنێت، کە هیچ مرۆڤێک و ئاڕاستەکەرێکی پێویستنەبێت بۆ پێکانی ئامانجەکانی، بەڵکو پشت بە ژیریی دەستکرد ببەستێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، یاسای نیشتمانی بۆ گەشەپێدانی ژیریی دەستكردی ئاڕاستەی مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری وڵاتەكە كرد بۆ پەسەندكردنی.
ئەم یاسایە كە لە 12 ماددە پێكدێت، بڕیاری دامەزراندنی رێكخراوێكی نیشتمانی سەربەخۆ لەژێر سەرپەرشتی سەرۆك كۆمار دەدات بۆ رێكخستن و گەشەپێدانی سیستەمی ژیریی دەستكرد لە وڵاتەكەدا.