قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی تورکیا لەعێراق کۆبوونەوە
کوردسات نیوز
٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ "عەلی رەزا گوینەی" باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا کە "ھاکان راچای" کونسوڵی گشتی تورکیا لە ھەرێم ئامادەی بوو، ھەردوولا بە گرنگیان زانی ئاڕاستەی گفتوگۆکانی نێوان لایەنەکانی عێراق بۆ پێکھێنانی حکومەت لەرێی دیالۆگی بنیاتنەرەوە ئەنجام بدرێت ئەوەش لەپێناو ھێنانەکایەی حکومەتێکی خزمەتگوزار بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیانی عێراق بەبێ جیاوازی.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا کۆک بوون لەسەر ئەوەی پێویستە پلانی ئەمنی تۆکمەتر دابڕێژرێت تا بوار نەھێڵێتەوە بۆ دزەکردنی تێرۆریستانی داعش، لەپێناو پاراستنی ئارامی ناوچەکەدا، لە کۆتایشدا، جەختکرایەوە لەسەر پێویستی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە لەرووی سیاسی و ئابورییەوە.
لەو بارەیەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد کۆمپانیاکانی تورکیا رۆڵی خۆیان ببینن لەپرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بەھێزکردنی ژێرخانی ئابوری کوردستاندا لەرێی زیاترکردنی وەبەرھێنانەوە، بۆ ئەم مەبەستەش قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ھاوکاری و کارئاسانی پێویست پێشکەش دەکەن بۆ کۆمپانیا تورکییەکان.