داھاتی بەرھەمەکانی خاتوو گەلاوێژ پێشکەش بە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان کرا
٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
وەک ھەنگاوێک بۆ ھاندانی ئەدەیبان و نووسەران و چین و توێژەکانی کۆمەڵەگە، بۆ بەشداربوونی زیاتر لە پڕۆژەی خێرخوازی و خۆبەخشی، ستافی وێب سایتی galawzh.com کە پێکھاتبوون لە پ.د.زاھیر لە تیف کەریم و پ.دنیان نەوشیروان فواد مەستی و دکتۆر ژینۆ عەبدولڵا و جومعە شوانی، سەردانی ئۆفیسی سەرەکی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستانیان کرد، بۆ پێشکەش کردنی داھاتی بەرھەمەکانی خاتوو گەلاوێژ بەو ڕێکخراوە قازانج نەویستە.
سارا عەبدول لە تیف بە ڕێوبەری ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستانیش لای خۆیەوە وێرای پیشاندانی خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر بەم ھەنگاوە پیرۆزە، ئاماژەی بەوەشکرد تەواووی ئەو کەس و لایەن و کۆمپانیا و دەوڵەمەند و کەسانی خێرخواز، کە یارمەتیانیەکانیان دەگەینەنە ڕێکخراوەکەیان، بە سیستەمێکی زۆر شەفاف و وردبین دەگاتە دەست ھەژاران و منداڵانی بێ سەرپەرشت و خاوەن پێداویستی تایبەت لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان و فایلی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە و خێرخوازەکە دەتوانێت خۆی ڕاستەوخۆ بیگەیەنێنێتە دەست کەسانی شایستە یاخود لە لایەن ڕێکخراوەکەوە بێت.
ھاوکات باس لە تەواوی چالاکیەکانی مندالپارێزی کوردستان کرا لە سەرجەم بوارەکاندا و لە لایەن ستافی وێب سایتی galawzh.com بڕیاردرا تیشکی زیاتر بخرێتە سەر ئەو چالاکی و پڕۆژە خێرخوازی و سێکتەرەکانی پەروەردە و تەندروستی ڕێکخراوی مندالپارێزی کوردستان کە وەک پێویست لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە باس نەکراوە و تیشک نەخراوەتە سەر ئەو چالاکیە بڕ بەرھەمانە. شایەنی ئاماژە پێکردنە ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەھەندیش ھاوکاربووە و ھیچ داھاتێکی وەرنەگرتووە.


