بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوای ئەوەی دوو تۆمەتبار ھەڵیانکوتابووە سەر دوکانێک لەگەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی ‌و تەقەیان لەخاوەنی دوکانەکە کردبوو، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بنکەی پۆلیسی بەختیاری ڕاسپارد کە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەو بەدواداچون بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان ئەنجامبدەن.


ئاماژەی بەوەشکردووە، پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی بەختیاری توانیان لەماوەیەکی کەمدا ھەردوو تۆمەتبار (د، ر، م) لەدایکبووی ١٩٦٥ و (ڕ، د، ر) لەدایکبووی ١٩٩٩ دەستگیربکەن، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا دەستیشگیرا بەسەر ئوتۆمبێل ‌و دوو چەک لەجۆری دەمانچە کە تۆمەتباران لەکاتی تاوانەکەیاندا بەکاریانھێنابوو.


پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندوە، لەئێستادا ھەردوو تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەکانی ٤٠٥ و ٣١ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.