باڵانبۆ محەمەد ئەندامی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، ھەوڵەکان بۆ یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە بەڵام یەکخستنی ھێزەکان کاتی زیاتری پێویستەو ئەوەش بەھۆی  ئەو ئەزموونەی ھەرێمی کوردستان لە رابردوو ھەی بووە لە رووی حزبییەوە و ھێزەکانیش لە ژێر فەرمانی حزبەکان بوون.


باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا وەزارەتی پێشمەرگە ١٩ لیوای ھاوبەشی ھەیە، بەڵام رێکخستنەوەکە بەم جۆرەی ئێستا ھەیە سەرکەوتوو نەبووە و ناکرێت کاتێک لیوایەک یەکدەخرێت و دەکرێتە لیوای ھاوبەش لەکاتی دیاریکردنی فەرماندەی لیواکە و جێگرەکەی ھەردوو کیان خۆیان بە فەرماندە ھێزەکە بناسێنن کە لە ئێستادا بەدی دەکرێت، بۆ ئەوەش باشترە لە کاتی پێکھێنانی ئەو لیوایانە ھاوشێوەی لیواکانی پشتیوانی دوو کە لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پشتیوانی یەک کە سەرجەمیان لە پارتی پێکھاتوون ھێزەکان ھاوشێوە بکرێن و تاوەکو فەرماندە و جێگرەکەی و پۆستەکانی دیکەش بە جێگیری دیاری بکرێن و ھەنگاوەکانی یەکخستنەوەش خێراتر بکرێت.


لەبارەی بۆچوونی وڵاتانی ھاوپەیمان لە سەر یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە، ئەندامەکەی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان وتی، "وڵاتانی ھاوپەیمان لە ئێستاو لە رابردووش بەردەوام جەختیان لە رێکخستنەوە و یەکگرتنی ھێزەکانی پێشمەرگە کردوە تاوەکو ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن ھێزێکی نیشتمانی رێکخراو".