بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممە لە دوای نیوەڕۆ بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکانی ھەرێم دەستپێدەکاتەوە و لە کاتەکانی شەودا بارانبارین زیاتر دەبێت و ھەندێجار لێزمە باران دەبێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەرەبەیانی رۆژی سێشەمە ئاستی بارانبارین زیاتر دەبێت و لەگەڵ ھاتنی کاریگەری ئەو شەپۆلە بارستە ھەوایەکی سارد روو لە ھەرێم دەکات و بەفریش دەبارێت، ھاوکات ئاستی بەفر بارین لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر بەراورد بە ناوچەکانی تر زیاتر دەبێت. راشیگەیاند، رۆژی چوارشەممەش بەفر و بارانبارین بەردەوام دەبێت و ھەندێ کات تەم دروست دەبێت و مەودای بینین کەم دەبێتەوە، بۆ رۆژی پێنجشەمە کاریگەری ئەو شەپۆلە کۆتای دێت. کەشناسی ھەرێم باس لەوەش دەکات رۆژی پێنج شەممە و ھەینی پلەکانی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ ژێر سفر نزم دەبێتەوە و لە سەنتەری پارێزگاکانیش لە سفر پلەی سیلیزی نزیک دەبێتەوە.