شنۆ ئەشقی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕاگەیاندووە، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دھۆک مانگانە تەنھا لە ڕێگەی  ھاوردەکردنی  پێنج مادەی خۆراکی بە قەبارەی دەیان ملیۆن دۆلار گەندەڵی دەکرێت.


شنۆ ئەشقی لە بارەی وردەکارییەکانەوە دەڵێت، پێنج بەرھەمی خۆراکی کە لە ژیانی ڕۆژانەی ھەموو ماڵێک بەکاردەھێنرێت بە نایاسایی و بە بێ پشکنین لە گومرگی ئیراھیم خەلیل دێتە ناو پارێزگای دھۆک و ئەمەش بە چاوساغی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی دەکرێت و بێباکانە لە پێناو گیرفانی چەند بەرپرسێک ئاسایشی خۆراک و تەندروستی ھەوڵاتیانی ئەو دەڤەرە خراوەتە ژێر مەترسی.


وتیشی، ئەمە لە کاتێکدایە بە پێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی ھاوردەکردنی ئەو پێنج بەرھەمە خۆراکییە (ھەموو جۆرەکانی شیر، ڕۆن و زەیت، خواردنەوەی وزە بەخش و کحولی، مادە سەرەتاییەکان) تەنھا لە دەسەڵاتی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری تەندروستیدایە بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی کە لە وەزارەتی تەندروستی تۆمارکراون بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان گشتاندنی بۆ کراوە، بەڵام ئەمە تەنھا لە پارێزگای دھۆک کاری پێ ناکرێت و ڕێگەنادرێت بەو کۆمپانیایانەی کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەت ھەیە بە ڕێکاری یاسایی ئەو بەرھەمە خۆراکیانە ھاوردە بکەن.


لە بارەی ھەوڵەکانیشیان بۆ ڕاگرتنی ئەو "گەندەڵییە" ڕایگەیاند، لە چەند ھەفتەی ڕابردوو بە مەبەستی وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی، لە ڕێگەی نوسراوێکەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان و دەستەی دەستپاکیان ئاگادارکردەوە لەو کارە مەترسیدارە.