بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی لیژنەی باڵای بایۆمەتری کۆبووەوە
١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، وەک چۆن ئێستا فەرمانبەرانی کەرتی شارستانی حکومەت خاوەنی ژمارەی بێھاوتای کەسین، دەبێت کاریش بۆ کەرتی سەربازیی و مووچەخۆرانی تر بکرێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ھەمان ژمارە کە ژمارەیەکی تایبەتە بە ھەر مووچەخۆرێک، ھاوکاریش دەبێت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە مووچەخۆران کە یەکێکیان کردنەوەی ھەژماری بانکییە بۆ ئەوەی دابەشکردنی مووچە بە ئەلیکترۆنی بکرێت.
لە بارەی دابەشکردنی مووچەش بە شێوازێکی ئەلیکترۆنی و گونجاو بڕیاردرا، لەسەر بنەمای داتاکانی بایۆمەتری کار بۆ ڕێکخستنی سیستمێکی ئەلیکترۆنی بکرێت کە مووچەی پێ دابەش بکرێت، بڕیاریشدرا ئەندامانی سەندیکای پارێزەرانیش تۆمار بکرێن و دواتر سەندیکا و چین و توێژەکانی تریش کار بۆ تۆمار کردنیان بکرێت.
لە ئێستاشدا لیژنەی باڵای بایۆمەتری لە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمیدایە کە ئەرکە سەرەکییەکانی دروستکردنی ژمارەی بێھاوتای کەسی و ڕێکخستنەوەی پەیکەری حکومەتی ھەرێم و دابەشکردنەوەی میلاکاتە بەسەر دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێم بە شێوەیەکی زانستیانەتر و دابەشکردنی مووچە بە سیستمێکی ئەلیکترۆنی و نەھێشتنی ڕۆتین.