"شەھرام حەمە" نوێنەری دەزگای لوتکە لە ئەوروپا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نزیکەی دوو ھەفتەیە لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم رێکاری ڕەسمی بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو ٢٧ کۆچبەرە گیراوەتەبەر کە لە کەناڵی ئینگلیز خنکان. بەڵام تا ئێستا تەنھا ١٩ ھاوڵاتی کورد سامپڵی "دی ئێن ئەی" رادەستی دەزگای لوتکە و پزیشکی دادی فەڕەنسا کردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە تەرمەکان بکرێت. ئاشکراشیکرد، وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا پێی راگەیاندوون کە لە سێشەممەوە تا کۆتایی ئەم ھەفتە ناسنامەی ئەو تەرمانە ئاشکرا دەکرێن کە ئەنجامی پشکنینەکەیان ھاوتای سامپڵی کەسوکاریانن.
وتیشی، رۆژی ھەینی لە لە شاری کاڵاسی فەڕەنسا ماسیگرێکی فەڕەنسی لە کاتی راوی ماسیدا تەرمێکی بە تۆڕی ماسیەکەیەوە بینی و دواتر پۆلیسی لێ ئاگادار کردەوە و لە ئێستادا لێکۆلینەوە لەسەر تەرمەکە دەکرێت ، بەڵام روون نییە ئەو تەرمە یەکێکە لە قوربانیەکانی رووداوەکەی ئاوی کەناڵی ئینگلیز یاخود لە کاتی تردا خنکاوە.