ئەمڕۆ ١١ی ١٢ی ٢٠٢١ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێم، پێشوازیکرد لە فەریق رۆمەلۆس روسیزن، سوپاسالاری ھەنگاریا و ئاتێلا تار، باڵیۆزی ھەنگاریا لەعێراق و تۆس، کونسوڵی گشتی ھەنگاریا لەھەرێم و کۆلۆنێل پیتەر، فەرماندەی ھێزەکانی ھەنگاریا لە ھەرێم و کۆلۆنێل ھادی، بەرپرسی تیمی ھەماھەنگی ھەنگاریا لە کونسڵخانەی گشتی و وەفدێکی باڵای سەربازی و دیبلۆماسی.


ھەر لەو کۆبونەوەیەدا، جەختکرایەوە لەسەر ھەماھەنگی و ئەرکی ھاوبەش لە روبەڕوبونەوەو تێکشکاندنی تیرۆریستان، ھاوکات ھەردوولا بە گرنگیەوە تاوتوێی پەیوەندیەکانی ئێستای ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی و ھاوپەیمانانیان کردەوە. 


وەزیری پێشمەرگە، رۆڵی ھەنگاریا و ھێزەکانیانی ئەو وڵاتەی بەرز نرخاند، کە لە ماوەی جەنگی داعش ھاوکار و یامەتیدەری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون، دووپاتیشیکردەوە لەو ئالنگارییەی، کە ئێستا ھاتووەتە پێشەوە بۆ راگرتن و لەناوبردنی ھەڕەشەکانی تیرۆر، پێویستیمان بەھاوکاری و یارمەتی ھەمووان ھەیە.


سوپاسالاری ھەنگاریا و وەفدی سەربازی و دیبلۆماسی ھەنگاریا، وەزیری پێشمەرگە و ستافی باڵای وەزارەتیان دڵنیاکردەوە لە ھاوکاری و پشتگیری پێشمەرگە بەردەوام دەبن و بڕیاریشدرا لەرێگەی راوێژکارە سەربازییەکانیان دەست بەمەشق و راھێنانەکانی پێشمەرگە بکرێتەوە.