یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان راگەیەندراوێکی بەبۆنەی رۆژی جیھانی یادکردنەوەی قوربانیانی تاوانی جینۆساید بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لەبەر رۆشنایی یاسای نێودەوڵەتی پێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی بەکردار رێز لە ئیمزای سەر رێکەوتنامەکانیان بگرن و ھەوڵی جدی بدەن گەلی کوردستان بەھەموو پێکھاتەکانیەوە لە ژێر ھەڕەشەی تاوانی نێودەوڵەتی دەرباز بکەن، چونکە جینۆساید تاوانێکی نێودەوڵەتیە و ئەرکی کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانیەتی بەوردی چاودێری رەوشی کورد لەناوچەکە بکەن و پارێزگاری لێ بکەن.


لەبەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، پێویستە حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق کار بکەن بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ کەسوکاری قوربانیان و بەکردار رێز لە قوربانیان بگیرێت، ھەروەھا تاوانی جینۆساید بخرێتە ناو پڕۆگرامی پەروەردە و فێرکردن و ھانی زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان بدرێت بۆ توێژینەوە لە بواری جینۆساید.


جەخت لەوەشدەکاتەوە، دەبێت پەرلەمانی کوردستان کار بۆ دەرچواندنی یاسایەکی تایبەت بە قەدەغەکردنی ھەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ بیری شۆڤێنی و رەگەزپەرستی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بکات.