پۆلیسی ھەولێر ڕایگەیاندووە، شەوی ڕابردوو لە گوندی (لاجان)ی سەر بە ناحیەی شەمامک لە سنووری بنکەی پۆلیسی (تووڕەق) تەرمی دوو کەس دۆزرایەوە، دواتر ھێزەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر چوونە شوێنی مەبەست و دەرکەوت کەوا دوو کەس کوژراون بە ناوەکانی (ع. ف. ش) تەمەن (٢٤ ساڵ) لەگەڵ ئافرەتێکی تەمەن (١٨ ساڵ) بە ناوی (ح. ق. ا).
لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت کە لەسەر کێشەیەکی خێزانی، لەلایەن برایانی ژنەکەوە تەقە لە ھەردووکیان کراوە و کوژراون.
بە گوێرەی قسەی کەسوکاری ژنەکەش ھۆکاری ئەو ڕووداوە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، بەڵام بنەماڵەی پیاوە کوژراوەکە ڕەتی دەکەنەوە کە ڕووداوەکە پەیوەندی بە کێشەی کۆمەڵایەتیەوە ھەبێت، بە گوێرەی زانیاریەکان سەرەتا براکانی ژنە کوژراوەکە پیاوەکە دەکوژن و دواتر خوشکەکەی خۆشیان دەکوژن، تەرمی کوژراوەکانیش گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی ھەولێر.