سەرۆکی ھەرێم و سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان کرد
کوردسات نیوز
٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی ھەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، گفتوگۆیان لە بارەی ھەڕەشە ئەمنی و دەستدرێژییەکانی ئەم دواییەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە کرد کە بنکەکانی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھاوڵاتییانیان کردە ئامانج و بووە ھۆی شەھیدبوون و برینداربوونی چەندین پێشمەرگە و ھاوڵاتی.
کازمی جەختی لەسەر پشتیوانیکردنی تەواوی ھەوڵەکانی پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کردەوە، لەگەڵ ھەماھەنگیی تەواو لە نێوان ھێزە چەکدارەکانی عێراقدا بە پێشمەرگە و سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی ترەوە، بە تایبەتیش لە ناوچەکانی بۆشاییی ئەمنیی نێوان ھەردوولادا.
لای خۆیەوە سەرۆکی ھەرێم تەواوی ئامادەییی ھەرێمی کوردستانی بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە عیراقیەکاندا دووپات کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری عیراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە.



