چاودێریی کۆمەڵایەتی سلێمانی: بە ناوی ھاوکاریی کەمئەندامان پارە لە خەڵک وەرگیراوە
٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند ھاوڵاتیەک ئەو زانیارییەیان پێداوین کە کەسێک یان زیاتر لە شاری سلێمانی، بە ناوی مامەڵە و تەرخانکردنی مووچە و ھاوکاری بۆ کەمئەندامان و چاودێریی خێزان، سودی لە ڕەوشی خراپی دارایی خەڵک و سادەیی ھەندێک لە ھاوڵاتیان وەگرتووە و بە بەڵێنی درۆ و چەواشە، پارە لە خەڵک دەکشێننەوە.
ئاگاداری ھاوڵاتیانیش دەکاتەوە بۆ دەستکەوتنی زانیاری یان ڕاییکردنی ھەر مامەڵەیەک بە ھیچ جۆرێک فریوی کەس نەخۆن و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە فەرمانگەکانیانەوە بکەن ھەروەھا ڕاشیدەگەیەنێت ماوەی ٨ ساڵە مووچە و ھاوکاریی کۆمەڵایەتی بە ناوی چاودێریی خێزان یان کەمئەندامانەوە بۆ ھیچ کەس نەکراوە و بەھۆی قەیرانی داراییەوە ھەموو جۆرە تەرخانکردنێک لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ڕاگیراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەگەر کەسێک لەسەر ئەم بابەتە فێڵی لێکراوە و کەوتووەتە ھەڵەوە ئەوە دەتوانێت بە تۆمارکردنی سکاڵا مافی خۆی وەرگرێتەوە و زانیاریی لە بارەی ئەو کەسەوە بداتە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان و دەزگا پەیوەندیدارەکان.