ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی راگەیەنراوێکی سەبارەت بە خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خوێندکارانی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەمەبەستی دابینکردنی دەرماڵەی خوێندکاران چەندین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بەجۆرێک کە پەیامەکەیان گەیشتۆتە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانیش پشتگیری داوا ڕەواکانیان دەکات و بەڵێنیداوە نوێنەری ڕاستەقینەیان بێت بۆ داواکردن وبەدواداچوونی ھەموو مافە ڕەواکانیان.
جەختی لەوەشکردۆتەوە، تەنانەت ڕێگەنەدرا لە ڕۆژانی ڕابردوو ھیچ خوێندکارێکی زانکۆی سلێمانی سزا بدرێت لەبەرامبەر داواکردنی مافە ڕەواکانیان.
 لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا، داوا دەکات ھەموو کۆلێژ و بەش و مامۆستایانی زانکۆ پابەندبن بە وانەوتنەوە و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان لەکاتی دیاریکراو بەپێی خشتەی وانە و تاقیکردنەوەی کۆلێژەکان، ھەروەھا داوا لە خوێندکارانیش دەکات پابەندبوونی تەواویان ھەبێت لە پێناو دوانەکەوتنی ساڵی خوێندن و زەرەرمەندنەبوونی خوێندکاران و ئاسایی بوونەوەی پڕۆسەی خوێندن بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە.