وەزیری پێشمەرگە داوای ھاوکاری زیاتر لە ئەمریکا و ھاوپەیمانان دەکات
کوردسات نیوز
٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی ھەرێم و کۆلۆنێل دۆگڵاس بەرپرسی تیمی ھاریکاری ئاسایشی ئەمریکا لە ھەرێم کۆبونەوە. وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، تاوتوێی دواین پەلامارە تیرۆریستیەکانی داعشیان لە ناوچە جیاجیاکان کردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ئێستادا داعش پلانی شەڕی لە ئاشکراوە بۆ شاراوە گۆڕیوە، بۆیە ئەرکەکە قورسترە و پێویستی بە ھاوکاری و ھەماھەنگی یەکتر و پلان و تەکنیکی نوێی شەڕ ھەیە.
لە بەرامبەر ھەڕەشەکانی ئێستای داعش، وەزیری پێشمەرگە داوای کرد قەبارە و جۆری ھاوکارییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە فراوانتر بکرێت.
ئاشکراشیکرد، خوازیاری ئەوەن بۆشایی ئەمنی لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق نەمێنێت و بە ھاوکاری ھاوپەیمانان سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەکان بگەڕێنرێتەوە.
بەرپرسی تیمی ئۆفیسی ھاریکاری ئاسایشی ئەمریکاش لە ھەرێم، پشتگیری و بەردەوامی ھاوکارییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.